وەسیەتنامەی قازی محەممەد

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
وەسیەتنامەی قازی محەممەد  (١٩٤٧) 
by قازی محەممەد

بسم اللە الرحمن الرحیم

نەتەوە حەق خوراوەکەم، کوڕ و خوشک ‌و برا خۆشەویستەکانم

ئێستا لە ئاخرین ساتەکانی ژیانمدا دەمەوێ چەند دێڕێکتان بۆ بنووسم.

لە دووژمنایەتیی یەکتر دەستھەڵگرن، یار و یاوەری یەکتر بن، پشت بە یەکتر ببەستن و لە بەرابەر دوژمنی زۆرداردا ئازایانە ڕابووەستن. خۆتان بێھودە بە دووژمن مەفرۆشن. دووژمن ھەر ئەوەندە ئێوەی دەوێ کە کاری پێتانە، دەنا ھیچ ڕوحمتان پێناکات، لە ھیچ دەرفەتێک ناگوزەرێ بۆ زەربە لێدانتان.

دووژمنەکانی نەتەوەی کورد زۆرن و زۆردارن، توانایان ھەیە ‌و بێڕەحمن. ڕەمزی سەرکەوتنی ئێوە لە یەکگرتندایە، تەنیا یەکگرتنە لە بەرابەر ئەو ھێزە زۆردارانەدا، ھەر نەتەوەیەک ئەگەر یەکێتیی نەبێ ھەمیشە لە ژێردەستیدایە. ئێوە نەتەوەی کورد شتێکتان لە نەتەوەکانی دیکە کەمتر نییە بەڵکو لە ئازایەتی و پیاوەتیدا زۆر لەوانەی بە سەربەخۆیی دەژین زیاترن. ئەو گەلانەی سەرکەوتنیان بە دەستھێناوە ھەر وەک ئێوە بوون.

ڕێنوێنیم بۆ ئێوە ئەوەیە کە لێگەڕێن منداڵەکانتان بخوێنن، چونکە ڕەمزی پێگەیشتوویی و سەرکەوتن لە خۆیندەواریدایە. با لە گەلانی دیکە دوانەکەون، ئێوە نابێ بە کوشتنی من و براکانم چاوترسێن بن، ھێشتا زۆری دیکەمان دەبێ لەو ڕێگەیەدا لەدەست بچن تا بە ئارەزووی خۆمان دەگەین.

کوردستان ماڵی ھەموو کوردێکە. دانیشتووانی ئەم خاکە بەپێی توانایی ھەر کامەمان گەر شتێکمان لەدەست دێ نابێ منەت لە سەر ئەوانی دیکە بکەین. ئەگەر زانیتان کەسانێک کاریان لەدەست دێ، لێگەڕێن با بیکەن، بەرد مەخەنە سەر ڕێیان، گرفتی بۆ دروست مەکەن. ئەگەر من بەرپرسیارێتیی گەورەم نەبووایە ئێستا لە ژێر حوکمی سێدارەدا نەدەبووم، بە خاتری ئەوە منەتتان بەسەردا ناکەم. بە قەولی سەعدی دەڵێː

مراد ما نصیحت بود و گفتیم/حوالت با خدا کردیم و ر‌فتیم

ھیوای ئێمە ئامۆژگاری بوو گوتمان، بە خودام ئەسپاردن و ڕۆیشتم.

خزمەتکاری گەل و نەتەوە

قازی محەممەد

سەرچاوە